قسەی خۆش
بۆ پێکەنین و بیرکردنەوە
( سەرچاوە: ڕشتەی مرواری- نووسر: مامۆستا عەلائەددین سەججادی)
بەشی هەوەڵ
یەک:
سمایلی حەمە جان، هەندێ تووتنی هەبوو، مەجیدی خوشکەزای لێی دزیبوو، سمایل چوو سۆراخی تووتنەکەی لە مەجید پرسی.
مەجیدیش وتی: خاڵە! تووتن دزیاگ و خاوەن تووتن و تووتن بریاگ، یا خوا بە کۆی زوخاڵ بێ. دزیش بە ڕێی خۆی!
سمایلیش وتی: تو خوا برا سوێن مەخۆ ئیتر دڵم بوو بە ئاوێنە!
دوو:
کابرایەکی لەیلاخی تووشی کابرایەکی گەڵباخی بوو لێی پرسی: برا ناوت چەس؟
وتی: یووسف.
ئەمیش پێی وت: برای عازیز یوڵفس، فرە خاسی شوکر؟ توخوا برا ناوی باوکت چەس؟!
ئەویش پێی وت: وە ڕیش باوکتەوە، ناو خۆمت خاس زانی، جا نۆرەی ناو باوکمە!
سێ:
شێخێک هەبوو لە قسەکردنا زمانی کۆڵ بوو، پێی ناوێ بەچکە لاڵێک بوو! ئەچیتە لای کابرایەکی دانساز، دانی بۆ دروست کا. دانەکانی ئەخاتە دەمی و کەچی هەر ناشزانێ قسە بکا.
ئەچیتەوە لای دانسازەکە و ئەڵێ: ئەمە تۆ چ جۆرە دانێکت بۆ من دروست کردووە خۆ بە تەواوی پەکی قسەکردنم کەوتووە.
دانسازیش ئەڵێ: یا شێخ من دانسازم خۆ زمانساز نیم!
چوار:
کابرایەک ئەبێ بە میوانی ماڵە کوردێک، بەرخێک ئەکەن بە بریانی و دای ئەنێن، کابرای میوان زۆری برسی ئەبێ، پارووی سەیرسەیر و بە پەلەی لێ دائەگرێ، میوانێکی تریش لەوێ ئەبێ، پێی ئەڵێ:
برا بۆچ ئەوەندە لێی بەداخی، خۆ باوکی شەڕە قۆچی لەگەڵ نەکردووی!
ئەمیش ئەلێ: برا تۆ بۆچ ئەوەندە دڵت پێی ئەسووتێ، خۆ دایکی شیری پێ نەداوی!
پەنج:
مەلایەک کوڕە کوردێکی فێری حساب ئەکرد، جەمعی فێر کردبوو، خەریک بوو فێری تەرحی بکات، لێی پرسی وتی:
هەر دوو دەستت چەند ئەنگوستی هەیە؟
کوڕەکە وتی: دە ئەنگوست.
مامۆستا وتی: ئەگەر چواری نەمێنێ چی ئەبێ؟
کوڕە وتی: جا مامۆستا ئەگەر چوار ئەنگوستم نەمێنێ، خۆ بە جارێ پەکی شەڕە قەڵماسک و بلوێر لێدانم ئەکەوێ!
شەش:
دوو کابرای کورد پێکەوە نانیان ئەخوارد، یەکێکیان وتی: واچاکە من ئەو خەریک کەم بە قسەکردنەوە و من هەموو نانەکە بخۆم.
لێی پرسی: ئەرێ توخوا برا، ڕەحمەتییەکەی باوکت چۆن و بۆ چی مرد؟
کابرا دەستی پێکرد بە پەسا داخستن، لەبەرچی نەخۆش کەوت، چۆن و چەندە لەگەڵی خەریک بوون، چۆن هیچ شەخس و دەوا و دەرمانێک نەما نەگەڕێن و نەیکەن، هیچ کەڵکی نەبوو ئاخری هەر مرد. ئەویش بە شێنەیی نانی خۆی ئەخوارد و جارجار «ئم» ێکی بۆ ئەکرد! کابرا وەختێ بە خۆی زانی ئەوا نان لە دوایی هاتنایە و ئەمیش هیچی نەخواردووە! وتی: با منیش هەقی خۆمی لێ بکەمەوە بڵێم ئەی باوکی تۆ چۆن مرد؟
لێی پرسی: ئەرێ برا ئەی باوکە ڕەحمەتییەکەی تۆ چۆن مرد؟
ئەو هیچ سێ و دووی لێ نەکرد، بە کورتی وتی: نەخۆش کەوت و مرد!
هونیا کلاس اول است و طبعا هفت ساله.